جەستە وەک درووستکەری ڕووداو
بەر لە دەستپێک بەباشی دەزانم خوێنەری ئەم نوسینە لە چەند خاڵێک ئاگادار بکەمەوە، ئەم وتارە هەڵوێستەیەکی ڕەخنەیی بابەتیانەی کارێکی هونەریی هونەرمەند ڕەنج حیکمەتە، بە ناوی ٢٤ کاتژمێر پێرفۆرمانس کە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ڕێکەوتی ٢٦-٩-٢٠٢٦ تا کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ڕێکەوتی ٢٧-٩-٢٠٢٦ لە یەکێک لە سەربانەکانی کارگەی کولتوور - سەربانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری ئەنجام درا. وتارەکە بە شێوەیەکی بابەتی لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە هەر وەک فرەڕەهەندێتی کارەهونەریەکە، هەوڵ دەدات خوێنەر نزیک بکاتەوە لە کارەکە و هەریەک لە ڕەهەندەکانی. بە دڵنیایەوە لە بەربینەی تایبەتی خۆمەوە و بەدەر لە گرنگیدان بە زانینی ئەوەی خودی هونەرمەند لەم کارەدا ویستویەتی چی بە وەرگرەکانی بڵێت، هەر بەم هۆیەش هیچ پرسیارێک لە هونەمەند سەبارەت بە کارەکە نەکراوە، بەر لە هەر گفتوگۆ و قسەکردنێک لەسەر کارە هونەریەکە و تەنها بە بینین و ئامادەبوونی بەردەوام لە کاتی ئەنجامدانی کارەکە و وردبوونەوە لە ڕەهەندە هونەری و فەلسەفیەکانی ئەم وتارە دەنوسرێت.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
بۆ وێناکردنی فۆرمی کارەهونەریەکە سود لە لێدوانی خودی هونەرمەند وەردەگرم، پاشان هەوڵدەدەم لە ڕێی وشەوە وێنایەکی گشتگیر دەربارەی کەشی کارەکە و ڕووداوەکان بگوازمەوە، ئەو لە لێدوانی کارەکەیدا بەم شێوەیە فۆرمی کارکەی دەناسێنێت: "من، ڕەنج حیکمەت، پێرفۆرمانسێک ئەنجام ئەدەم، ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئەخایەنێت. لە سەربانی کارگەی کولتوور ئەمێنمەوە، وردتر بیڵێم سەربانی وەزاراتی ڕۆشنبیری/ بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری. لەم سەربانە قەروێڵەی نوستن، ئاودەست، بانیۆ و دوشی حەمام ئامادەیی هەیە. پەیوەندی لەگەڵ بینەرەکانم ناکەم، تەنیا بە شێوەیەکی خۆڕسک ئەو چالاکیانە ئەکەم کە لەگەڵ ئەو کەرەستانەی ناوم هێنان ئەگونجێن ... لە تەواوی ئەو مەودایەدا، پێرفرۆرمانسەکەم بۆ گشت خەڵک کراوەیە"

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
کاتێک وەرگرەکان پێ دەخەنە سەر سەربانەکە، کات پێنجی ئێوارەیە، هونەرمەندەکە لەسەر قەرەوێڵەکە پاڵکەوتووە، پشتی لە وەرگرەکانە، تەنها جوڵە لە سەربانەکە بڵاوبوونەوەی ئەو وەرگرانەیە کە دێن و هەر یەکەیان سوچێک یان گۆشەیەک بۆ بینینی کارەکە هەڵدەبژێرن، ئەمە و گۆڕینی ئاڕاستەی پاڵکەوتنی هونەرمەندەکە، تاکە پەیوەندی هونەرمەند بە وەرگرەکانەوە بریتیە لە بینینیان بە شێوەیەکی سروشتی دوور لە سەرنجدانی تایبەت، ئەو قەرەوێڵەیەی لەسەری پاڵکەوتووە وەک هەر جێگەیەکی دیکەی خەوتن دۆشەک و سەرینێک لەگەڵ بەتانیەکی لەسەرە، دووری نێوان وەرگرەکان و کارەهونەریەکە لە چەند مەترێک تێپەڕ ناکات، لە ناوەڕاستی سەربانەکەدا و کەمێک لەولاتر ئۆبجێکتێکی نامۆی ئەندازەیی کە سێ دیوی هەیە و سەربانێکی بچووکی هەیە کە تەنکیەکی ئاوی لەسەر داندراوە و پەیژەیەکی پێوە پەیوەستکراوە، لە دیوێکی دیوارەکە دوشێکی گەرماو کە بە بەلۆعەکانی بە بنمیچەکەوە نوساون هەڵواسراوە بە شێوەیەک کە بۆ کردنەوەی ئاوەکە دەبێت بە پەیژەکەدا سەربکەویت و بەلوعەکان بکەیتەوە و بە هەمان شێوەش بۆ گرتنەوەی ئاوەکە، کە کۆتایی دوشەکە دەچێتەوە سەر بانیۆیەکی گەرماو کە لە ژێریدا داندراوە. لە دیوەکەی تر تەوالێتێکی دانیشنتن (ڕۆژئاوایی) هەیە لەگەڵ گڵۆپێک بۆ ڕووناککردنەوە لە شەودا و بەلوعەیەک بۆ دەست شتن. لە دیوی سێییەمی ئۆبجێکتەکە ئاوڕێژێکی ئاودەست (فڵەش بۆکس) هەیە لەگەڵ سیفۆنێکی تەوالێتی (ڕۆژهەڵاتی) کە بە پێچەوانەوە (بە هەڵگەڕاوەیی) بە سەقفەکەوە لە ئۆبجێکتەکەوە بە مەترێک یان تۆزێک زیاتر هاتۆتە دەرەوە هەڵواسراوە.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
یەکەم جوڵەی تێبینیکراو ئەو کاتەیە کە هونەرمەندەکە هەڵدەستێت و لەسەر قەرەوێڵەکە دادەنیشێت، پاشان بە پەیژەکەدا سەردەکەوێت و دەچێتە سەربانی ئۆبجێکتەکە و بەلوعەی دوشەکە دەکاتەوە و دێتەوە خوارەوە، لەبەردەم وەرگرەکاندا دەست دەکات بە لەبەرداکەندنی جلوبەرگەکانی تا ئاستی ڕووتبوونەوەی تەواوەتی، دەچێتە ناو بانیۆی گەرماوەکە و هەر بە پێوە دەست دەکات بە خۆشتن، دواتر بە خاولیەک کە لە هەمان دیو بە دیوارەکەدا هەڵواسراوە خۆی وشک دەکاتەوە و هەر بە خاولیەکە و شۆرتێکی ژێرەوە دەچێتەوە سەربانی ئۆبجێکتەکە بۆ گرتنەوەی ئاوەکە، بەم شێوەیە پاش ئەم خۆشتنە ئیدی زۆرینەی کاتەکان لەسەر قەرەوێڵەکە لەبەردەم وەرگرەکاندا پاڵکەوتووە بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەکیان لەگەڵدا بکات، لەو کاتانەی کە پێویستێتی بۆ میزکردن دەچێتە سەربانی ئۆبجێکتەکە و لە کونی سیفۆنە هەڵگەڕاوەکەوە میزەکەی هەڵدەداتە سەر سەربانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری واتە ئەو باڵەخانەیەی کە کارەکە لەسەربانەکەیدا ڕوودەدات، پاشان لە ڕێی ئاوڕێژەکەوە ئاو دەکات بە میزەکەدا بۆ پاککردنەوەی سەربانەکە. پاش تێپەڕینی کاتژمێرەکان ئیدی پێویستی بە بەکارهێنانی تەوالێتی ڕۆژئاواییەکە دەبێت، کە ڕاستەوخۆ لەبەرچاوی وەرگرەکانیدا دادەنیشێت بۆ دەرکردنی پاشەڕۆی جەستەی. لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا چەند جارێک و بە پێی پێویستی و بە شێوەیەکی خۆڕسک ئەم کەرەستانە بەکار دەهێنێت. لە کۆی ئەو ماوەیەدا وەرگرەکان دێن و دەڕۆن و ئازادن لە هەرکاتێکدا ئامادەبن، تا ڕادەی ئەوەی دەتوانن بمێننەوە بۆ تەواوی ماوەی کارەکە.
لێرەوە دەچینە ناو خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەندی شیکاری، وەک دەستپێکێک چەند ڕوانینێکی دیاردەناسییانە لەسەر کارەهونەریەکە دەخەمەڕوو، بەر لەوەی جەستەی هونەرمەند ئامادەیی هەبێت لەسەر سەربانی کارگەی کولتوور/ سەربانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری شتەکان تەنها کۆمەڵێک ماتریاڵی بێدەنگ و وەستاو بوون، لە ڕوانگەیەکی دیاردەناسیانەوە شتەکان (ئۆبجێکتەکان) لە خۆیاندا خاوەنی هیچ بەهایەکی بنەڕەتی یان پێشوەختە نین. ئەوان چاوەڕێی ئامادەیی و درککردنی بکەرێکی ئەزموونکەرەوە دەکەن بۆ وەرگرتنی مانا. بانیۆ، قەرەوێڵەی خەوتن یان تەوالێت چەند ئامرازێکن لە بۆشاییەکدا، بکەرێک دەتوانێت لەڕێگای بەکارهێنان و ئەزموونکردنیانەوە ڕەهەندە دیاردەناسیەکەیان (واتە ئەوەی ئەو شتانە چۆن دەکەونە بەرچاو و ئەزموونی ئێمە نەک ئەوەی شتەکان لە خۆیاندا چین) بۆمان ئاشکرا بکات. بێگومان بە تەواوبوونی کارە هونەریەکە و ڕۆشتنی ئەو بکەرە کە لەم کارەدا (ڕەنج)ە، ئیدی ئەو کەرەستانەی لەکارەکەدا بەکارهاتوون دەبنەوە کەرەستەی بێگیان، ئەمەش گرنگی جەستەی هونەرمەند بۆ بەهاپێدان بە کەرەستەکانی ناو کارەکە نیشان دەدات. جگە لە کاتی دەستپێک و ئامادەبوونی بینەر، دەستپێکی کارەهونەریەکە کاتێکە کە جەستەی هونەرمەند دەبێتە چەق ئەزموونکردنەکە، واتە کاتێک جەستەکە ئۆبجێکتەکان لە جوڵە و ئاکتەکانی تێوەدەگلێنێت. بە تێگەیشتنێکی (میرلۆ پۆنتی)انە جەستە خودی ئەو میدیەمەیە کە جیهان لە ڕێگەیەوە بەرجەستە دەبێت. چونکە لای پۆنتی ئێمە لە ڕێگای جەستەوە لە جیهاندا ئامادەییمان هەیە، بەم هەنجەتە دەکرێت بڵێین لە ڕێگای جەستەی (ڕەنج)ەوە وەرگر ئەزموونی کارە هونەریەکە دەکات و پەی بە ئەرک کەرەستەکانیش دەبات.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
کە ئەمەش ڕەهەندێکی مرۆڤناسی کارەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی (مرۆڤ) جیاواز لە زیندەوەرەکانی تر بوونەوەرێکی (خودنیگا)یە بەو واتایەی خودی خۆی دەبێتەوە بە بابەت بۆخۆی، بە جۆرێکی تر مرۆڤ لە توانایدا هەیە پرسیار دەربارەی چیەتی خۆی وە بوونی خۆی لە ناو (هەبوو)ەکانی دیکەدا بکات، تەنانەت وردەکاریەکانی خۆشی ببنەوە بە بابەت بۆ بیرلێکردنەوە و پرسیارکردن، هەروەها لە کردەیەکی وەک ئەم کارە هونەریەدا مرۆڤ لە توانایدا هەیە ئەزموونی بابەتەکانی خۆی بکات وە ئاڵنگاری لەگەڵ دۆخە فیسیۆلۆجیەکانی جەستەی خۆی بکات.
لەم ۲٤ کاتژمێرەی کارە هونەریەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت جەستە نواندنەوەی هیچ شتێکی دیکە ناکات، هێندەی دەبێتە بکەری هونەری و مانا دەبەخشێتە کەرەستەکانی دەوروبەری. لەرێگەی ئەم ئامادەیییە بێ وەستانەوە، جەستەی هونەرمەندەکەلە ئۆبجێکتێکی پاسیڤ یان وێنەیەک بۆ بینینەوە دەگۆڕێت بۆ میدیەمێک کە لە هەوڵی دروستکردنی ڕووداودایە.
پرسیارێکی تر کە دەکرێت بمانباتە بەردەم یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی کارەهونەریەکە، کە ئەویش ئەو ڕەهەندەیە کە کارەکە دەبێتە (هەڵوەشێنەرەوەی ڕۆتین) لەم میانەیەشدا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا ئێمە بە بەردەوامی کردە سادە و ڕۆتینیەکانی ژیانی ڕۆژانە تێبینی دەکەین؟ هەرگیز ڕاماندەگرێت و پرسیارمان لا دروست دەکات؟ وەک ئەوەی لەم کارەدا دەبێتە جێی سەرنج.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
کاتژمێرەکانی ژیانی مرۆڤەکان پڕیەتی لە کردەی دووبارەبووەوەی ڕۆتینی، کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجامی دەدەن، بە شێوەیەکی گشتی ئەو کردانە نابنە بابەتی بیرکردنەوە و پرسیارمان لا دروست ناکەن. ڕەنج زیرەکانە بەها بەم کردە ڕۆتینیانە دەدات وەک ئەوەی پێمان بڵێت: لەناوەوەی ئێمە شتگەلێک ڕوودەدەن بە شێوەیەکی خودکارانە کە ئەگەر تێبینیان بکەین دەکرێت ببنە بابەت بۆ بیرلێکردنەوە و لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن وەک میکانیزمی بەرگری، جەستە و مێشکمان دەپارێزن لە شۆک و زەبرەکانی دەرەوەی خۆمان. ئاشکرایە کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن، ژیانی ڕۆژانەی کردووە بە زنجیرەیەک کرداری بەش بەش کراو و دابڕاو لە یەکتر. مرۆڤ لە ناو ڕۆتیندا توشی کوێربوونی ئاگایی دەبێت، کردە بنەڕەتیەکانی ژیانی مرۆڤی لەدەست دەردەچێت، دەمەوێت سود لە چەمکێک وەربگرم دەربارەی ئاگاییکردنەوەی ڕۆتین یان باشتر بڵێم هەڵوەشاندنەوەی ڕۆتین ئەویش چەمگی (گرنگی ساتەوەختەکان)ە ساتەوەخت بریتییە لە ئەو چرکەساتەی کە تێیدا ڕووداوێک یان کردارێکیڕۆژانە و ئاسایی، لە ڕێگەی ئاگایییەوە، لە ڕۆتینی بەکاربردن دادەبڕێت و دەبێتە ئەزموون.
ڕەهەندی پارادۆکسە بونیادیەکانی کارەهونەریەکە یەکێکە لە ڕەهەندە هەرە گرنگەکان کە بۆ من دەکرێت بە هێڵێک هایلایتی بکەین و وەک جەوهەری کارەهونەریەکە تەماشای بکەین، ئەم کارە هونەریە زیاد لە پارادۆکسێکی لە هەناویدا هەڵگرتووە کە لە خۆیدا لە ئاڵنگاری مامەڵەکردندایە لەگەڵ ئەو دژیەکیە بونیادیانە، بەمەش داینامیکیەتێک بە کردەکە دەبەخشێت کە من بە وزەی بنەڕەتی کارەکەی ناودەبەم.
ئەو سەربانەی کە کارەهونەریەکەی تێدا ئەنجام درا، بووە مەیدانی بەیەکگەیشتن و بەیەکداکێشانی چەندین پارادۆکس کە لەم بەیەکداکێشانانەوە وەرگر ئەزموونی وەرگرتنی پەیامە ڕادیکاڵەکانی هونەرمەند دەکات. پارادۆکسی ئاستی بەرز و نزمی (ئەدریناڵین) لە هێمن بوونەوە و نزمبوونەوەی لە کاتی خۆشتن و خەوتن لەدژی بەرزبوونەوە و سترێسی ڕووتبوونەوە لەبەرچاوی بینەر، لێرەدا سەربانی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ پێکدادانی کۆمەڵێک جەمسەری پێچەوانە کە بە بەردەوامی هێڵەکانی ئەزموونکردن بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
لە لایەکی دیکەوە پارادۆکسی نێوان گشتێتی و تایبەتێتی، کردە ژیاریەکانی وەک (خەوتن، خۆشتن و دەرکردنی پاشەڕۆ)کە زۆرینەی جار لەودیوی دەرگا داخراوەکانەوە دوور لە سەرنجدانی چاوەکان ئەنجام دەدرێن، لەم کارەدا ڕاستەخۆ دێنە ناو چەقی بینینی وەرگرەکانی کارەکە، ئەوەمان بیر نەچێت کە هێنانی کردە شاراوەکانی جەستە بۆ بۆشاییەکی گشتی و بەرچاوی ئەوانی دی، بە جۆرێک تێکدانی سیستمی کۆنترۆڵکردنی جەستەیە، جەستەی ڕامکراو ئەو جەستەیەیە کە سیستەمەکە فێری کردووە کار و کردە تایبەتیەکانی خۆی وەک (میزکردن، خەوتن، ڕووتبوونەوە، خۆشتن) بباتە پشت پەردە و دەرگا داخراوەکان، تاوەکو لە دەرەوەدا تەنها وەک جەستەیەکی بەرنامەڕێژکراو، بەرهەمهێن و گوێڕایەڵ ئامادەییی هەبێت. ڕەنج لەم کارەدا لە ململانێدایە لەگەڵ خۆی بە دەربڕینێکی دیکە (من) ی ناو دەروونی لە ململانێدایە لەگەڵ (منی باڵا)کەی، ئەو بەم کارە جگە لەوەی خۆی دەخاتە نێوان بەرداشی ئەو ئاڵنگاری و کێشمەکێشە دەروونیە، هەروەها بەویست یان بێ ویستی خۆی وەرگرەکانیش دەخاتە ناو هەمان ململانێی دەروونی.
هەروها پارادۆکسی (پاسیڤبوون و کارایی) کردەی خەوتن کە لە ڕووی فیسیۆلۆجییەوە ناچالاکترین دۆخی جەستەی مرۆڤە، لێرەدا دەبێتە کردەیەکی ئەکتیڤ و ڕادیکاڵی هونەری. ڕەنج لە کاتی خەوتنیدا کۆنترۆڵی جەستەی لەدەستدەدات، بەڵام ڕێک لەم بێئاگاییەدا بینەر ناچار دەکات بێتە ناو درککردنی شوێنەکەوە و ئەزموونی ئامادەیی ئەو جەستەیە بکات کە لەبری ئەوەی خەریکی بەرهەمهێنانی کاری هونەری بێت، خۆی دەبێتە کارەهونەریەکە.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
ڕەنج لەم کارەدا بە مەبەست بڕیاردەدات پەیوەندی لەگەڵ وەرگرەکان نەکات، ئەمەش رەهەندێکی تری کارەکەیە، کە من بە (داماڵین لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی – دیپێرسۆناڵیزەیشن) ناوی دەبەم، دەکرێت ئەمە یارمەتیدەر بێت لەوەی کە بتوانێت ئاستی سترێسی ئەو لەهەمبەر کردە سروشتیەکان کە بەرامبەر بە وەرگرەکان ئەنجامی دەدات کەم بکاتەوە، دابڕانی بە مەبەست لە پەیوەندی لەگەڵ وەرگردا، ڕەنج لە ناونیشانە کۆمەڵایەتیەکانی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ هونەرمەندی پەتی، ئەمە وادەکات لەناو کارەهونەریەکەدا چیدی ئەو (ڕەنج) نەبێت بە تەنها، ئەو هاوڕێ و مامۆستا و برا و خزمی هیچ کام لە وەرگرەکان نەبێت، بەڵکوو تەنها هونەرمەندێکە کە خەریکی کارێکی هونەریە و پێرفۆرمەنس دەکات بۆماوەی ۲٤ کاتژمێر لەسەر سەربانێک لە کارگەی کولتووردا. ئەمەش خەرمانەیەک بە دەوری ئەودا دروست دەکات کە بێگومان خەرمانەیەکی بێڕەنگ و وەهمیە بەڵام وا دەکات بینەرەکان ئاسانتر کردە ناباوەکانی کە لەبەرچاویاندا ڕوودەدات قبوڵ بکەن، هەڵبژاردنی دابڕانی بەمەبەست لە پەیوەندی لەگەڵ وەرگر بژاردەیەکی ژیرانەیە، چونکە ئەگەر لە کاتی (پێرفۆرمانس)ەکەدا هێشتا لە پەیوەندیدا بوایە لەگەڵ وەرگرەکانی، کارەکە لە سیحرەکەی دادەماڵدرا. ڕادەی پەرچەکرداری وەرگر بەرامبەر بە کردەکان بەتایبەتیش کردەیەکی وەک ڕووتبوونەوە کە هێشتاش یەکێکە لە (تابوو)ەکانی کۆمەڵگە، لە چاوەڕوانیەکانم گەلێ ئاسایی تر بوو، ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ هێزی کۆنتێکستی هونەر کە وەرگرەکان بە جیاوازی بیرو بڕوای ئایدۆلۆژی و ئاینیانەوە، ئاگاییان بەرامبەر بەوە هەیە کە ئەم کردەیە لە ناو چوارچێوەی کارێکی هونەری و لە کۆنتێکستی هونەردا ڕوودەدات، بۆیە هەرچەند کارێکی باو نەبێت وەلێ ئامادەن وەک ئەوەی کە هەیە وەریبگرن.
ڕەهەندی ڕەخنەیی کارەهونەریەکە ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت، بۆ من کارەکە بە شێوەیەکی توند ڕەخنەییە. ناتوانم تێبینی ئەو وردەکاریانە نەکەم کە لە ڕووداوە وردەکانی پێرفۆرمانسەکەدا ڕوودەدەن وە ڕەخنەی خۆیان بەیان دەکەن، وەک دەڵێن: شەیتان لە وردەکاریدایە. دەپرسم بۆچی هونەرمەند ڕاستەوخۆ میزەکەی فڕێدەداتە سەر سەربانی بەڕێوەبەرایەتیەکی فەرمی کولتوور؟ ئەم ئاکتە بەکارهێنانی وردەکاریە جەستەییەکانە وەک چەکێک نەک تەنها بۆ ڕەخنەکردن بەڵکو دەگاتە ڕادەی (میزپیاکردن). بێگومان ئەگەر ئەم دەستەواژەیەم لێ قبوڵ بکەن، کە جگە لە ڕەهەندە فیسیۆلۆجی و سێکسۆلۆجیەکەی، لە هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا بگرە لە زۆریاندا (میزپیاکردن) وەک ئەوپەڕی سوکایەتیپێکردن یان ئەوپەڕی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شتێک یان کەسێک یان شوێنێک بەکاردەبرێت. ڕەنگە ڕەنج بە مەبەست ئەو کارەی نەکردبێت بەڵام هێشتاش ئەمە واناکات خوێندنەوەی ئەو ڕەهەندە لە ڕێی ئەو کردەیەوە بە تەواوەتی هەڵەبێت. ئەمە دژ وەستانەوەیە بەرامبەر (پیشەسازی کولتوور). ئەم چەمکە کە ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر لە کتێبی (دیالێکتیکی ڕۆشنگەری)دا ناویدەبەن، ئەوان پێیان وایە لە سیستمی پیشەسازی کولتووردا، هونەر لە ئەزموونێکی بەئاگاهێنەرەوەی ڕووداودروستکەرەوە دەگۆڕدرێت بۆ کاڵایەکی سڕکەر و بەرهەمهێنەری چێژی پەتی. وادەزانم میزپێداکردن بە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیکی فەرمی لە ناو دامەزراوەیەکدا بەناوی (کارگەی کولتوور) بەیانکردنی ئەوپەڕی ناڕەزایەتیە تا ڕادەی میزپێداکردن، بەڵام لە کوێوە؟ لە ناوەندی کارێکی هونەریەوە کە لەبری ئەوەی بانگهێشتی وەرگرەکانی بکات بۆ (چێژ) ئەوان کۆ دەکاتەوە تا شاهێدی ڕوودانی وەها ڕووداوێکیان بکات کە بریتیە لە (میزپێداکردن بە پیشەسازی کولتوور)دا.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
لە لایەکی دیکەوە ئاشکرایە کە بۆنە و پێشانگاکانی ناو سیستمی پیشەسازی کولتوور هەمیشە کار لەسەر دروستکردنی هەیەجان و ورووژاندنی وەهمی دەکەن، بەمەش ئاستی ئەدریناڵینی وەرگرەکان بەرزدەکاتەوە تا لە دۆخی بەکاربەریدا بیانهێڵێتەوە.
بەپێچەوانەوە ڕەنج بە مەبەست هێڵی گەیاندنی جێژی ڕووت دەپچڕێنێت، کارەکەی لە شوێنکاتی جێگیر و نۆرماتیڤی (پێشانگا) دادەماڵێت، چونکە پێشانگا لە بونیادی مۆدێرنی خۆیدا شوێنێکە بۆ نمایشکردنی کار (کاڵا)ی تەواوبوو، بەڵام لەم کارە پێرفۆرمانسەدا کاتێک بۆ یەکەم جار وەرگرەکان دێنە سەربانەکە هێشتا نەک هیچ شتێک تەواو نەبووە بگرە هیچ شتێک دەستی پێنەکردووە. بڕیارە پاش کەمێکی تر ڕووداوێک لە شێوەی (ئیڤێنت) ڕوو بدات. لە بری بەرهەمێکی هونەری قابیلی فرۆشتن یان تێڕامانی چێژبەخش، کارەکە دەبێتە پرۆسەیەکی زیندوو کە تێیدا کات، جەستە و شوێنەکە بەیەکەوە ڕووداوێک لە ساتەوەختی ئێستادا دەهێننە بوون.
لایەنێکی دیکە کە بۆ من بە تەواوەتی لەگەڵ ڕەهەندی ڕەخنەیی کارەهونەریەکەدا یەک دەگرێتەوە، بریتیە لە سەربەخۆیی لە ڕووی (تێچووی دارایی) پرۆژەکەوە، ئازادی بیری ڕەخنەگرانەی هونەرمەند لەم کارە هونەریەدا جگە لە ئاستی چەمکسازی و هەڵبژاردنی شوێن، لە ڕاستگۆیی بەرامبەر بە باوەڕەکانیشیدا ڕەنگ دەداتەوە، لە کاتێکدا کە ئێستای جیهانی هونەر سەرڕێژە لەو هونەرمەندانەی کە هونەر وەک ماشێنێک بۆ وەدەستخستنی دەستکەوتی دارایی بەکاردەهێنن، ڕەنج بڕیار دەدات تەواوی کارەکە لەسەر ئەرک و بودجەی تایبەتی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت، ڕەتکردنەوە و هەوڵنەدان بۆ وەرگرتنی (فەند) لە دامەزراوە حیزبی و حکومی و ڕێکخراوەییەکان، گەرەنتی باڵادەستی سەربەخۆیی ئەوە لە بڕیاردانی هونەری لە کارەکەیدا، ئەوەمان لەبیر نەچێت بە شێوەیەکی گشتی خۆبەدوورگرتن لە سەرمایەی ئابووری دامەزراوەیی، دەبێتە مەرجی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی) نێوکۆی هونەر. ئەو لە ڕێی بڕیاری بەئەنجام گەیاندنی کارەکەوە لەسەر ئەرکی تایبەتی خۆی، ڕێگە نادات هیچ دەسەڵاتێک هێڵەکانی سانسۆر یان هەژموونی خۆی بەسەر ئامانجە ڕادیکاڵە ڕەخنەییەکانی کارەکەدا بسەپێنێت. ئەم ڕاستگۆییە لەگەڵ باوەڕەکانی خۆیدا وا دەکات توندی ڕەخنەکانی خاوێن و بێ سازش بمێننەوە.

Photographers: Hemn Kakeiy, Sangar Abdullah, Naz Hakim Photo
لە کۆتاییدا ئەوەی لەبارەی ئەم کارەهونەریەوە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە لە دوای ئەم ٢٤ کاتژمێرەی سەر سەربانەکە، تێگەیشتن بۆ هونەری پێرفۆرمەنس لە ناو کۆنتێکستی هونەری هاوچەرخی کوردیدا دوچاری وەرچەرخانێکی بنەڕەتی دەبێت. ئەگەر تا پێش ئەم کارە، بەکارهێنانی جەستە لە کاری هونەریدا لە سنوری دەربڕینی سیمبۆلی و ئاماژەی پارێزراو و جەسارەتی فۆرمیدا دەسوڕایەوە، ئەوا لەم کارەدا ڕووتبوونەوەی بێپەردەی هونەرمەند لەژێر نیگای ڕاستەوخۆی بینەردا، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بۆشاییە ئارامە بوو، بە بڕیاری بەزاندنی ڕاستەوخۆی سنوورەکان. ئاخر شکاندنی (تابوو) تەنها لە ڕێگای تێکشکاندنی سنورەکەیەوە درک دەکرێت. ئەگەر وەک زیادەڕۆیی و پەسنکردنێکی زیاد لە سنور لێم وەرنەگرن پێم وایە ئەم کارە توانستی هونەری لە کوردستاندا لە ئاستێکی لۆکاڵیەوە فڕێدەداتە ناو مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە جیهانیەکانی هونەر لە نێویشیاندا میدیەمی پێرفۆرمانس.
ئەم کردە هونەریە، ئەرکی سەرشانی کارەکانی دوای خۆی بە شێوەیەکی نائاسایی قورس دەکات، چونکە ئاستی داواکاری و ئاگایی وەرگرەکان سەرلەنوێ پێناسەدەکاتەوە، هەر پێرفۆرمەنسێک کە لە کوردستان بە دوای ئەم بەرزبوونەوە ڕادیکاڵەی ئاستی جەسارەتدا بێتە کایەوە، بەرپرسیارێتیەکی زیاتری لەسەر شان دەبێت بەوەی پێویستە لە تەنها دەربڕینی سیمبۆلیدا کورت نەبێتەوە، جەستە چیدی ئامڕازێک نەبێت کە وەک یەکێک لە ئامڕازەکانی ناو کارەهونەریەکە دەربکەوێت بەڵکو لە توانایدا هەبێت خودی خۆی کارەهونەریەکە بێت، بەڵکوو ژیانیش بدات بە شوێنەکە و ماتریاڵە بەکارهاتووەکان. بە جۆرێک مێژووی ئەم میدیەمە هونەریە (پێرفۆرمەنس) پێش ئەم کارە و دوای ئەم کارە، هەرگیز وەک یەکتر نابێت.
Editing: Bnar Tahi

Şîrove
00